کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان
| کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان | |
|---|---|
| دامەزران | ١٦ی ئابی ١٩٤٢ |
| سەرناو | کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد |
| وڵات | ئێران |
| شوێنی بارەگاکان | مەھاباد |
| لە پێش | Komalay A.K. |
| لە دوای | حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران |
| کۆتاییھاتن | ١٦ی ئابی ١٩٤٥ |
کومەڵەی ژیانەوەی کورد یان بە کورتی کومەڵەی ژ-ک (شێوەی خوێندنەوە: ژێ کاف) یەکەم ڕێکخراوی سیاسیی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو، کە لە ساڵی ١٩٤٢ لە مەھاباد پێکھات و لە ساڵی ١٩٤٥ بە دامەزرانی حیزبێکی نوێ کۆتایی ھات.
مێژووی کورتی ناوچە
[دەستکاری]لە ماوەی جەنگی جیھانیی یەکەم کوردستان بوو بە مەیدانی شەڕ لە نێوان لەشکرەکانی بەشدار لەم شەڕە، بەتایبەتی لەشکری عوسمانی و لەشکری ڕووس. دانیشتووانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان زۆرجار تووشی تاڵان و کوشتاری لەشکرەکانی عوسمانی و ڕووس بوون. پاش ئەو شەڕە، وڵاتێکی وێران کراو، خەڵکێکی دەربەدەر، ماندوو و ھەژار کە تووشی قاتی و نەخۆشی ببوون.
دیکتاتۆریی ڕەزا شا
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٢١دا پاش کودەتایەکی نیزامی کە بە یارمەتی بەریتانیا ھاتە دی، ڕەزا شا ھاتە سەرکار و ساڵی ١٩٢٣ لە تاران خۆی بە شا و دامەزرێنەری زنجیرەی پەھلەوی ناساند. ھەر لە دەستپێکدا ھەوڵی خنکاندنی ھەموو ئەو بزووتنەوانەی دا کە دەبوونە ھۆی بچووکترین دڵەڕاوکێ بۆی وەک جوولانەوەی سمکۆ، ڕاپەڕینی جافر سوڵتان و حەمە ڕەشی خانی بانە. ڕووکاری ئاوەڵای سیاسی لە تەواوی وڵاتی ئێراندا کاتی بەسەرچوو. دەسەڵاتی ناوەندی ئێران لە تاران ھێزی گرت و ھەناسەی ھەمووانی چاند. لە سەردەمی دیکتاتۆریی بیست ساڵەی ڕەزا شادا زۆرداریی نەتەوەیی گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. شۆڤینیزم ئێرانی بوو بە سیاسەتی فەرمی ڕژێمی پەھلەوی و گەلانی نا فارسی ئێران خرانە ژێر توندوتیژترین ستەمی نەتەوەیی.
بۆ لە نێوبردنی شوێنەواری نەتەوەیی و مێژوو و چاند ئەم گەلانە پلانێکی داڕێژراو و درێژخایەن بەڕێوە دەچوو کە مەبەستی تواندنەوەی گەلانی نا فارس بوو. دەستتێوەردانی مێژووی کۆن و نوێ، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان، قەدەغە کردنی ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان و لەبەرکردنی جلی نەتەوەی. ھەموو بۆ ئەوەی نیشان بدرێت لە ئێراندا تاقە نەتەوەیەک ھەیە ئەویش فارسە. بەڵام ھەستی کوردایەتی لە کوردستان و لە دڵی ھەموو کوردێکدا ئەوەندە بەھێز بوو کە سیاسەتی ڕەزا شا بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد وەک ھی مستەفا کەمال لە تورکیا بە تەواوی پووچەڵ بوو.بەرامبەر بەو ھەموو زووڵم و زۆرە لە ھەندێک ناوچەی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی ڕاپەڕینی ھۆزەکان ساز بوو. وەک ڕاپەڕینی مەحموودخانی کانی سانان لە ناوچەی مەریوان، عەشیرەتی مەنگوڕ لە دەوروبەری مەھاباد، ڕاپەڕینی عەشیرەتەکانی جەلالی کە ھەموویان دڕندانە سەرکوت کران.
ئاکامی شەڕ
[دەستکاری]کە جەنگی جیھانیی دووەم دەستی پێکرد، ڕەزا شا لایەنگری خۆی بۆ ئاڵمانیای نازی ڕاگەیاند. بۆیە کاتێک شەڕ کەوتە نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ئەڵمانیا، وڵاتانی ھاوپەیمان، ئێرانیان داگیرکرد؛ وەک ھاوپەیمانی ئەڵمانیا و ھەم بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئێرانەوە یارمەتی بگەیەننە سۆڤیەت. بەریتانیا لە باشوور و سوپای سوور لە باکوورەوە، خاکی ئێرانیان داگیر کرد. ڕەزا شا لە ئاستی ئەواندا نەیتوانی بچووکترین جووڵە بکات و دیکتاتۆرییەکەی ڕووخا و پاش ٢٠ ساڵ ئێران ڕووی ئازادی دیموکراتی بە خۆیەوە دی و حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان بووژانەوە.
ھەل و مەرجی دامەزران
[دەستکاری]ھێزەکانی داگیرکەر لە باشوورەوە تاکوو ئیلام و لە باکوور تا ورمێ ھاتبوون. بەڵام مەھاباد دوور بوو لەو دۆخە. لە لایەکی دیکەوە مەھاباد و ناوچەکانی دەور و پشتی مێژووی درێژیان ھەبوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، ھەر بۆیە بار و دۆخەکە ڕێکەوت بۆ ئەوەی یەکەم ڕێکخراوی بەھێزی سیاسیی کوردی بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان یان بە کورتی کومەڵەی ژ-ک پێک بێت. دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکە یازدە کەس بوون[١] کە لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٩٤٢ لە مەھاباد کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ژ-ک یان پێکھێنا کە ئامانجەکەی ڕزگاری نەتەوەی کورد بوو.
کۆمەڵە ڕیخراوێکی نھێنی بوو و ھەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە کوردانی باشوور تێدا بەشدار بوون و نوێنەرانی ئەوان «میرحاج ئەحمەد» لە لایەن حیزبی ھیواوە لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەی ژ-ک ئامادە بووە.
لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٩٤٣دا، کۆبوونەوەیەک وەک کۆنگرەی کۆمەڵە پێکھات. لەم کۆنگرەیەدا کە لە شاخی خوداپەرەست بە ئەنجام گەیشت، نزیکەی سەد کەس بەشداربوون بڕیار درا کە کۆمەڵە بیروڕای خۆی لە گۆڤارێکدا بڵاو کاتەوە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵە ئەگەرچی ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستی و نیشتمانپەروەر بوو و دەبوایە لەگەڵ توێژەکانی خەڵکی بێت، بەڵام لەبەر نھێنی بوونی، کەمتر بەوە دەگەیشت. ئەوە بوو کە دەست کرا بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری «نیشتمان». لە ماوەی چەن ساڵدا، بە بڵاو بوونەوەی بیروڕاکانی کۆمەڵە لە ناو چین و توێژەکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان، ھیوا بە داھاتوو ھێزی گرت. زانیاریی سەبارەت بە بارودۆخ پێشکەوت و ژ-ک تا ڕادەیەک بوو بە ھێزێکی سیاسی.
بەڵام گۆڕانکارییەکان یەکجار زۆر بوون. دونیا گۆڕدرا بوو، ھەروا کوردستان. شۆڕشی گەلانی دونیا دژ بە فاشیزم و دیکتاتۆری پەرەی سەندبوو. وڵاتی ئێران ئەزموونی گۆڕانی بەسەر دەھات و لە لایەکی دیکەوە لەو بار و دۆخە گرنگەدا ژێ کاف نەیدەتوانی چالاکییەکان بە ڕێکوپێکی بەرەو پێش بەرێت. پێویست بوو بە ڕێکخراوێکی نوێ، یەکگرتوو، خاوەن پیلان بۆ بەرەو پێش ڕۆشتن. بەڕێوبەرانی ژێ کاف لەوە ئاگادار بوون، بۆیە ھەوڵێکی نوێیان دا بۆ بنیاتنانی حیزبێک. لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٥ لە شاری مەھاباد دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاگەیێندرا. ئەگەرچی ئەو حیزبە نوێیە لە ئەزموونەکانی کۆمەڵە سوودی وەردەگرت، بەڵام لە پیلان و چالاکییەکانیاندا بە تەواوی جیاواز بوون.
لقی باشووری ڕۆژھەڵات
[دەستکاری]کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان لە باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان لقی ھەبوو و بەرپرسی لقەکە لە ئێلی کەڵھوڕ یەدوڵڵا ڕەزایی کوڕی عەبدوڵڵاخانی زەیغەمولسوڵتان بوو.[٢]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ-ک ئەم یازدە کەسە بوون: حوسەینی فرووھەر، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەبدولڕەحمان ئیمامی، عەبدولقادر مودەریسی، نەجمەدین تەوحیدی، محەممەد نانەوازادە، عەلی مەحموودی، محەممەد ئەسحابی، عەبدولڕەحمان کیانی، سدیق حەیدەری، قاسم قادری.
- ↑ بزووتنەوەی کۆماریخوازی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: لە کرماشانەوە ھەتا سەرلەشکەربوون لە ئەرتەشی سووریادا، نووسراو لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧؛ ٢٦ی ئابی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٩.
بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]- بەشی تایبەت بە مێژوو لە ماڵپەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران