ھەزارئەسپ
ھەزارئەسپ، یان ئەتابەگی لوڕی مەزن[١] (١٤٢٤–١١٥٥ز) خانەدانێکی کورد بوون[٢][٣] کە حوکمی بەشێکی زنجیرە چیاکانی زاگرۆسی دەکرد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لوڕستان و بەشگەلی ئاقاری فارس کە پاش سەلجووقییەکان، ئێلخانییەکان، موزەفەرییەکان و سەردەمی تەیموورییەکان گەشایەوە، بەدەستەوە بوو.[٤]
مێژوو
[دەستکاری]بنیاتنەری ماڵەمیرەکە ئەبی تاھیر کوڕی محەممەد بوو، لە تۆرەمەی شوانکارە سەرخێڵی فەزلەوییەی کورد، ئەو سەرەتا فەرماندەری سەلغورییەکانی فارس بوو و لەلایەن ئەوانەوە وەک پارێزگاری کوھگیلوویە دیاری کرابوو،[٥] بەڵام لە ئەنجامدا توانی لە لوڕستان سەربەخۆیی بەدەست بھێنێ و پەرە بە دەسەڵاتی خۆی تا نزیکی ئەسفەھان بدا و نازناوی شکۆمەندی ئەتابەگ بۆ خۆی مسۆگەر بکات.[٦] کوڕەکەی، مەلیک ھەزارئەسپ لە ھێرشێکی سەرکەوتووانە دژ بە سەلغوورییەکانی فارس شەڕی کرد و یارمەتی جەلالەدین خارەزمشای لە شەڕی دژ بە مەغۆل دا. تەکلە حاکم و میرێکی تری ھەزارئەسپی، لەگەڵ ھۆلاکۆ لە سپاکەی چوو بۆ بەغداد، بەڵام بەھۆی کوشتنی دوایین خەلیفەی عەبباسی ئەوی جێ ھێشت. لە ئەنجامدا ھەزارئەسپ لە سێدارە درا.[٧]
یووسف شای یەکەم لەلایەن ئیلخان ئەباقا وەرگیرا و حکوومەتی ئەو پەژرێندرا و چەسپا و خووزستان، کوھگیلوویە، فیرووزان (نزیک ئەسفەھان) و گوڵپایەیەگان بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یووسف شای یەکەم زیاد کرا. ئەفراسیاوی یەکەم ھەوڵی دەدا دەسەڵاتی خۆی بۆ ڕۆخ و کەنارەکانی کەنداوی عەرەبی درێژ بکاتەوە بەڵام ڕووبەڕووی دژایەتی توندی مەغۆلەکان بووەوە و سپاکەی لە کوھرودی نزیک کاشان تێک شکێنرا. حکوومەتی ئەو لەلایەن ئیلخان گەیخاتوو دامەزراوە بەڵام لەلایەن غازانەوە لە تشرینی یەکەمی١٢٩٦ لە سێدارە درا.[٨]
پایتەختی ھەزارئەسپیان ئیزەج بوو کە ئەمڕۆکە لە باکووری خووزستان ھەڵکەوتووە. یووسف شای دووھەم شارگەلی شووشتەر، ھۆوەیزە و بەسرەی لە نیوەی یەکەمی سەدەی چواردە پەیوەستی خاکی خۆی کرد.[٩] لە ماوەی دەسەڵاتی شەمسەدین پەشەنگ، ھەزارئەسپیان ڕووبەڕووی ھێرش و تاڵانی موزەفەرییان بوونەوە و ئیزەجی پایتەخت بۆ ماوەیەک کەوتە دەستی ئەوان، تا ئەوەی کە داگیرکەران بەھۆی شەڕی ناوخۆی خۆیان ناچار بە پاشەکشێ بوون.
ساڵی١٤٢٤. ز، حاکمی تەیمووری شاھروخ میرزا دوایین حاکمی ھەزارئەسپی غیاسەدین دەبەزێنێت و لە ئەنجامدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم ماڵەمیرە کوردە دەھێنێ.
حاکمانی ھەزارئەسپی
[دەستکاری]- ئەبی تاھیر کوڕی محەممەد (ماوەی حکوومەت. ١٢٠٣–١١٥٥. ز)
- مەلیک ھەزارئەسپ (ماوەی حکوومەت. ١٢٤٨–١٢٠٤. ز)
- عیمادەدین کوڕی ھەزارئەسپ (ماوەی حکوومەت. ١٢٥١–١٢٤٨. ز)
- نوسرەتەدین (ماوەی حکوومەت. ١٢٥٧–١٢٥٢. ز)
- تەکلە (ماوەی حکوومەت. ١٢٥٩–١٢٥٧. ز)
- شەمسەدین ئەلپ ئەرغوون (ماوەی حکوومەت. ١٢٧٤–١٢٥٩. ز)
- یووسف شای یەکەم (ماوەی حکوومەت. ١٢٨٨–١٢٧٤. ز)
- ئەفراسیاوی یەکەم (ماوەی حکوومەت. ١٢٩٦–١٢٨٨. ز)
- نوسرەتەدین ئەحمەد (ماوەی حکوومەت. ١٣٣٠–١٢٩٦. ز)
- ڕوکنەدین یووسف شای دووھەم (ماوەی حکوومەت. ١٣٤٠–١٣٣٠. ز)
- موزەفەرەدین ئەفراسیاوی دووھەم (ماوەی حکوومەت. ١٣٥٥–١٣٤٠. ز)
- شەمسەدین پەشەنگ (ماوەی حکوومەت. ١٣٧٨–١٣٥٥. ز)
- مەلیک پیر ئەحمەد (ماوەی حکوومەت. ١٤٠٨–١٣٧٨. ز)
- ئەبی سەعید (ماوەی حکوومەت. ١٤١٧–١٤٠٨. ز)
- شا حوسەین (ماوەی حکوومەت. ١٤٢٤–١٤١٧. ز)
- غیاسەدین (ماوەی حکوومەت. ١٤٢٤ز)
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Foundation، Encyclopaedia Iranica. «Welcome to Encyclopaedia Iranica». iranicaonline.org (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ C. E. Bosworth, The New Islamic Dynasties: A Chronological and Genealogical Manual, (Columbia University Press, 1996), p. 205, ISBN 0-231-10714-5.
- ↑ Bosworth، C. Edmund (٢٠٠٣). «HAZĀRASPIDS». Encyclopedia Iranica. XII.
- ↑ C. E. Bosworth,, Encyclopaedia Iranica
- ↑ B. Spuller,Atabakan-e Lorestan[بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی], Encyclopaedia Iranica.
- ↑ C. E. Bosworth, The New Islamic Dynasties: A Chronological and Genealogical Manual, 205.
- ↑ Howorth, Henry Hoyle. History of the Mongols: The Mongols proper and the Kalmuks. ١٨٧٦. لاپەڕە ٩
- ↑ ATĀBAKĀN‵E LORESTĀN, rulers of Lorestān, part of the Zagros highlands of southwestern Iran in the later middle ages[بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
- ↑ S. Lane-Poole, The Mohammedan Dynasties: Chronological and Genealogical Tables with Historical Introductions, 412 pp. , Kessinger Publishing, 2004 (originally 1894), ISBN 1-4179-4570-2, p.174
