close
بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شا عەباسی یەکەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شا عەباسی یەکەم
بە فارسی: شاه عباس بزرگ‎
Image
لەدایکبوون٢٧ی کانوونی دووەمی ١٥٧١
ھەرات، ئەفغانستان
مردن١٩ی کانوونی دووەمی ١٦٢٩(١٦٢٩-٠١-١٩) (٥٧ ساڵ ژیاوە)
بێھشەھر، ئێران
دڵسۆزیسەفەوییەکان
نازناوشا
شوێنی ناشتنImamzadeh Habib ibn Musa
باوکمحەممەد خودابەندە
دایکKhayr al-Nisa Begum
خوشک و براHamza Mirza، Abu Talib Mirza، Q126947373
ھاوسەرQ100257858، Yakhan Begum، Princess Marta of Kakheti
هاوژین (بێ هاوسەرگیری)Tamar Amilakhori
منداڵمحەمەد باقر ميرزا، Soltan Mohammad Mirza، Zubaidah Begum، Imam Qoli Mirza
خزمەکانشا ئیسماعیلی یەکەم، شا تەھماسبی یەکەم، شا سەفیی یەکەم
خێزانشانشینی سەفەوی
زمانەکانی ئاخاوتنزمانی ئازەربایجانی، زمانی فارسی، زمانی گورجی
پۆستەکانlist of Safavid monarchs
پێشگرێکی شەرەفمەندانەشاھەنشا
ئایینشیعە

شا عەباسی یەکەم (١٥٧١–١٦٢٩) پێنجەمین و بەھێزترین شای لە خانەدانی سەفەوییەکان بوو. ھەرچەند کە لە سەردەمی شا عەباسی یەکەم کوردانی شیعە بە گشتی ڕۆڵێکی گرنگیان ھەبوو لە ئاستی ناوچەکە بەڵام لە دەسپێکی دەسەڵاتداری شا عەباس دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر خراپ بوو. لەو سەردەمەدا چەندین بنەماڵەی قزڵباش پێکەوە لە شەڕدا بوون، ھەروەھا عوسمانی لە ڕۆژاواوە و ئۆزبەکەکان لە خۆرھەڵاتەوە ھێرشیان دەکردە سەر خاکی ئێران. لە ساڵی ١٥٨٨ قزڵباشەکان باوکی شا عەباسیان دوای کوودتایەک لەسەر کار لابرد و عەباسی شازدە ساڵەیان لە شوێنی باوکی دانا. قزڵباشەکان بەم کارە دەیانویست کە شایەکی ساختە لەسەر کار بێت تاکوو ئەوان بتوانن ھەر کارێک پێیان خۆشە بیکەن؛ بەڵام بەزووی دەرکەوت کە عەباس نابێتە کایەکلێی دەستی ئەوان و خۆی ھێزی ئیداری گرتە دەست.

ژیانی سەرەتایی

[دەستکاری]

عەباسی یەکەم بانگەشەی ڕەچەڵەکێکی دروستکراوی دەکرد کە دەگەڕایەوە بۆ سەر فاتیمە و عەلی. ئەو لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٥٧١ لە ھەرات لەدایکبوو، و سێیەم کوڕی محەممەد خودابەندە و ھاوسەرەکەی، خەیروننیسا بێگم بوو. باوکی کوڕی نۆبەرەی تەھماسبی یەکەم بوو، کە دووەم شای ئێرانی سەفەوی بوو. ئەو ناوی عەباسی بۆ کۆرپەکە ھەڵبژارد. باوکی عەباس، محەممەد خودابەندە، پارێزگاری ھەرات بوو کە پایتەختی ویلایەتی گرنگی خۆراسان بوو. محەممەد خودابەندە لە جێنشینی باوکی بێبەش کرا، چونکە نەخۆشییەکی چاو وای لێکردبوو نزیکەی بە تەواوی نابینا بێت. مێژوونووسی دەرباری سەفەوی، ئەسکەندەر بێگی مەنشی، محەممەد خودابەندە وەک «ڕۆحێکی لەخواترس، گۆشەگیر و نەرمونیان» وەسف دەکات. دایکی عەباس، خەیروننیسا بێگم، کچی میر عەبدوڵای دووەم بوو، کە فەرمانڕەوایەکی ناوخۆیی بوو لە پارێزگای مازەندەران لە خانەدانی مەرعەشی کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد نەوەی ئیمامی چوارەمی شیعە، عەلی کوڕی حسێن زەینولعابیدینن. ئەو و محەممەد خودابەندە پێش عەباس دوو منداڵیان ھەبوو بە ناوەکانی حەسەن و حەمزە، و دواتریش دوو کوڕی تریان بوو: ئەبتاڵیب و تەھماسب.[١][٢][٣]

کاتێک عەباس تەمەنی تەنھا ھەژدە مانگ بوو، لە باوک و دایکی جیاکرایەوە، کە لەلایەن تەھماسبەوە بۆ بەڕێوەبردنی شاری شیراز گوازرانەوە. پارێزگاریی فەرمیی ھەرات بە عەباس سپێردرا. سەرەتا تەھماسب مەبەستی بوو حەمزە بکاتە پارێزگاری ھەرات، بەڵام خەیروننیسا بێگم نەیویست لە حەمزە جیا بێتەوە کە کوڕە دڵخوازەکەی بوو؛ بۆیە شای ڕازی کرد کە لە جیاتی ئەو عەباس دەستنیشان بکات. ئەو ڕاستییەی کە عەباس ھێشتا ساوا بوو بە ڕێگر دانەنرا، چونکە تەھماسب خۆی لە تەمەنی دوو ساڵیدا وەک پارێزگاری نازناوی خۆراسان دەستنیشان کرابوو.[٤][٥][٦]

شا قولی سوڵتان ئوستاجلو، کە ئەمیرێکی یەکێک لە ھۆزەکانی قزڵباش بوو بە ناوی ھۆزی ئوستاجلو، وەک پارێزگاری ڕاستەقینە و وەک «لالا» (سەرپەرشتیار)ی عەباس دەستنیشان کرا. سەرپەرشتیارە قزڵباشەکانی عەباس و ھاوسەرەکانیان بوونە جێگرەوەی دایک و باوکی. ئەو ھەرگیز دایکی نەبینییەوە و تەنھا پاش پازدە ساڵ باوکی بینی. عەباس لێھاتوویییە پێویستەکانی سەربازیی لە سەرپەرشتیارە قزڵباشەکانییەوە فێربوو. چەوگانی یاری دەکرد و زۆر دەچوو بۆ ڕاوکردن. وەک زۆربەی شاکانی ئێران، خولیایەکی زۆری بۆ ڕاوکردن پەرەپێدا، کە وەک جۆرێک لە مەشقی سەربازی سەیر دەکرا. عەباس لەگەڵ «غوڵامەکان» (کۆیلەکان)ی ناو ماڵەکە پەروەردە بوو، کە بوونە ھاوڕێی منداڵیی. پێدەچێت ھەندێک یان ڕەنگە زۆربەیان گورجی، ئەرمەنی یان چەرکەسی بووبێتن.[٧][٨]

لە ١٤ی ئایاری ١٥٧٦، تەھماسبی یەکەم بێ دیاریکردنی جێنشین کۆچی دوایی کرد، ئەمەش وای کرد وڵات بکەوێتە ناو جەنگی ناوخۆیییەوە. ڕۆژی دواتر، کوڕە دڵخوازەکەی تەھماسبی یەکەم، حەیدەر میرزا، بە پاڵپشتی ھۆزی ئوستاجلو و گورجییە دەستڕۆیشتووەکانی دەربار، خۆی وەک شا ڕاگەیاند؛ بەڵام دەستبەجێ لەلایەن «قورچییەکان» (پاسەوانانی شاھانە) و لادرا و کوژرا. دوای مردنی ئەو، بە پاڵپشتی زۆربەی ھۆزەکانی قزڵباش و پەسەندکردنی کچە کاریگەرەکەی تەھماسب، پەریخان خانم، ئیسماعیل میرزا کە بیست ساڵ بوو لەلایەن باوکییەوە زیندانی کرابوو، وەک ئیسماعیلی دووەم تاجی پاشایەتی لەسەر نرا. ماوەی دەسەڵاتی شای نوێ کورت و پڕ لە کوشتار بوو. ساڵانی درێژی زیندانیکردن وای لێکردبوو تووشی نەخۆشیی گومان (پارانۆیا) بێت، لە ئەنجامدا لە ھەموو شوێنێکدا دوژمنی دەبینی کە دەبێت لەناو ببرێن. پێش ھەموو شتێک، دەستی کرد بە کوشتنی زۆربەی ئەندامانی ھۆزی ئوستاجلو، بێگوێدانە ئەوەی پاڵپشتی حەیدەر میرزایان کردووە یان نا. ھەروەھا ئەو کەسانەشی لەسێدارە دا کە تەنھا تاوانیان ئەوە بوو لە سەردەمی تەھماسبدا خاوەن پلە و پۆست بوون. عەباسی گەنج ڕاستەوخۆ کەوتە ژێر کاریگەریی پاکتاوکردنەکانی مامی، کاتێک گرووپێک لە ئەسوارەکان ھەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەرپەرشتیارەکەی، شا قولی سوڵتان، و کوشتیان.

دواتر ئیسماعیل ڕووی کردە خێزانەکەی. فەرمانی لەسێدارەدانی زۆرێک لە زڕبرا، ئامۆزا و برازاکانی دا. محەممەد خودابەندەی پاراست، ڕەنگە بەھۆی ئەوەی برای یەک بوون و ڕەنگە لەبەر ئەوەی محەممەد خودابەندە پێشتر نابینا بووە و وەک داواکارێکی ئەگەری بۆ تەخت و تاج بێبەش کراوە؛ بەڵام لە تشرینی دووەمی ١٥٧٧، ئیسماعیل عەلی قولی خانی لە ھۆزی شاملو ڕەوانەی ھەرات کرد بۆ کوشتنی عەباسی گەنج. عەلی قولی لەسێدارەدانی عەباسی دواخست، بەو بیانووەی کە «نەگونجاوە» نەوەیەکی «بێتاوان»ی سەید لە ڕۆژە پیرۆزەکاندا (شەوی قەدر و جەژنی ڕەمەزان) لەسێدارە بدرێت. ئەم دواخستنە ژیانی عەباسی ڕزگار کرد، چونکە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٥٧٧، ئیسماعیلی دووەم بەھۆی خواردنی ئەفیوونی ژەھراویکراوەوە گیانی لەدەستدا، و عەلی قولی خان پارێزگاریی ھەرات و ڕۆڵی سەرپەرشتیاری عەباسی گرتە ئەستۆ.

لە ١١ یان ١٣ی شوباتی ١٥٧٨، محەممەد خودابەندە لەلایەن قزڵباشەکانەوە وەک شای نوێ ھەڵبژێردرا. شای نوێ بە لاواز، بێباک و بێتوانا دەردەکەوت. لەم بارودۆخەدا دەسەڵات زوو کەوتە دەست کەسانی تر. دایکی عەباس، خەیروانیسا بێگم، ژنێکی خاوەن ئیرادەی بەھێز بوو. ئەو بە تەواوی بەرپرسیارێتی کارگێڕیی گرتە ئەستۆ و ھەموو بڕیارەکانی دەدا، تەنانەت لە کاروباری سەربازیشدا. قزڵباشەکان دڵخۆش نەبوون بەوەی دەبینن ئەو دەسەڵات دەگرێتە دەست. دابەشبوونەکان لە دەرباری سەفەوی ھانی ڕاپەڕینیان دا لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات و کێبڕکێ کۆنەکانی قزڵباش سەریان ھەڵدایەوە، بە جۆرێک ھۆزەکانی ئوستاجلو و شاملو دەستبەجێ ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. محەممەد خودابەندە و شاژن داوایان لە عەلی قولی خان کرد عەباس بھێنێت بۆ قەزوین، چونکە دەترسان عەلی قولی خان پیلان بگێڕێت بۆ بەتەختگەیاندنی عەباس، بەڵام ئەمیرە قزڵباشەکانی خۆراسان باسیان لەوە دەکرد کە بەھۆی ھەڕەشەی ھێرشی ئۆزبەکەکانی بوخارا بۆ سەر ھەرات، بوونی شازادەیەک لە شارەکەدا پێویستە.

دۆخی لاوازی شانشینەکە بوو بەھۆی ئەوەی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی لە ساڵی ١٥٧٨دا جەنگ دژی ئێران ڕابگەیەنێت. سوپاکانی سەفەوی تووشی چەندین شکستی یەکتری بوون پێش ئەوەی خەیروننیسا بێگم ھێرشێکی پێچەوانە ڕێکبخات. لەگەڵ کوڕەکەی، حەمزە میرزا و وەزیری مەزن، میرزا سەلمان جابری، سوپایەکیان بەرەو باکوور برد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێزەکانی عوسمانی و تاتار لە شیروان. بەڵام ھەوڵی ئەو بۆ سەپاندنی ستراتیژیی جەنگ، ئەمیرە قزڵباشەکانی تووڕە کرد. سەرئەنجام، لە ٢٦ی تەممووزی ١٥٧٩دا، قزڵباشەکان ھەڵیانکوتایە سەر حەرەمسەرا، ئەو شوێنەی شاژن لێی نیشتەجێ بوو، و خەیروننیسا بێگمیان خنکاند. ھەرچەندە عەباس ھێشتا تەنھا کوڕێکی منداڵ بوو و بە زەحمەت دایکی دەناسی، بەڵام کوشتنی دایکی لەسەر دەستی قزڵباشەکان کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا. پێدەچێت ئەو ئەزموونە بووبێتە ھۆی دروستبوونی ئەو باوەڕەی لای کە دەبێت دەسەڵاتی قزڵباشەکان تێکبشکێنرێت.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Munshi (1978), Vol. I p. 13.
  2. Rahimlu (2015)
  3. Mitchell (2009), p. 160.
  4. Savory (2018)
  5. Blow (2009), p. 16.
  6. Savory (1980), p. 71.
  7. Blow (2009), p. 17.
  8. Mitchell (2009), p. 58; Blow (2009), p. 17.

پەرتووکنامە

[دەستکاری]